جۆزێڤ بورێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا دەڵێ: یەکیەتیی ئورووپا بۆ یەکەمیەن جار چەکوچۆڵ دەنیرێ بۆ وڵاتێک لە دەرەوەی یەکیەتییەکە.
جۆزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاوڕێ لەگەڵ” ئۆرزێلا فۆندێرلاین” بەرپرسی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە یەکیەتیی ئورووپا شاهیدی شەرێکی گەورەیە لە سنوورەکانیدا، ڕایگەیاند کە پێشمان لە چالاکیی ڕاگەیاندنەکانی ڕووسیە لە یەکیەتیی ئورووپادا گرتووە و هەروەها ئاسمانی ئورووپا بە ڕووی فڕۆکەکانی ڕووسیەدا دادەخەین.
ناوبرا لە درێژەدا بە ئازا و بوێر ناوبردنی هێزەکانی ئۆکراین لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەرتەشی ڕووسیەدا وتی: یەکیەتیی ئورووپا بەهەموو شێوازێک یارمەتی ئۆکراین دەدا و بۆ یەکەمین جار چەکوچۆڵمان ڕەوانەی ئۆکراین کە لە دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپادایە کردووە و بەردەوام دەبین لە یارمەتییەکانمان.
هاوکات بەرپرسی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە گەمارۆگەلێکمان بەدژی دەسەلاتی بێلاڕووس سەپاندووە و یەکیەتیی ئورووپا هەروەها گەمارۆگەلێکی بەربڵاو بەدژی سەرچاوە داراییەکانی ڕووسیە سەپاندووە.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕووسیە بە بیانووی پشتیوانی لە سەربەخۆییخوازانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین، هێرشی سەربازیی بۆسەر ئۆکراین دەست پێکردووە و پاشان یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا گەمارۆگەلێکی قورسیان بەسەر سیستمی بانکیی ڕووسیە و کەسایەتییەکانی ئەو وڵاتە بە تایبەتی ” ڤێلادێمیر پوتین” سەرۆککۆماری ڕووسیە و “سێرگەی لاڤرۆڤ” وەزیری دەرەوەی ڕووسیەدا سەپاندووە.