ژنێکی ئیسرائیلی بە ناوی “کاترین پرێز شێکدێم” کە وەکوو ژنێکی بریتانیایی کە بووە بە شیعە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی دزە بکاتە نێو ماڵی خامنەیی و سپای پاسداران.
کاترین پرێز شێکدێم، کە زۆر شارەزایانە توانیویەتی دزە بکاتە نێو دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران، ماوەی ٢ ساڵ یەکێک لە نووسەرانی بەشی ئینگلیسی ماڵپەڕی عەلی خامنەیی بووە و وتووێژگەلێکی زۆری لەگەڵ ڕۆژنامەکانی سپا و تەلەڤیزیۆنەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هەبووە، ناوبراو زۆر بە ئاسانی نزیک بووەتەوە لە خامنەیی، سپای پاسدارانی ڕێژیم و هەروەها سەرۆککۆماری ئێران، لە ماڵپەڕی” تایمز ئیسرائیل” ئاشکرای کردووە کە من یەهوودیم و خەڵکی ئیسرائیل.
ناوبراو هۆکاری سەرکەوتنی لە نزیکبوونەوە بە ڕێبەرانی ئێرانی بە پێویستی لەڕادەبەدەری دەسەڵاتی رێژیم بە کەسێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیرمەندانی ئورووپایی ناوبردووە و هەروەها ئاشکراشی کردووە کە لەو ماوەیەدا هەموو ئەو شتانەم وتووە کە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران ویستوویەتی.
ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ مەشرق نیوز کە لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی لە ماڵپەڕی تەسنیم، کە هەر دووکیان سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانن بڵاو بووەوە، باسی لە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران کردووە و قسەگەلێکی کردووە کە لەگەڵ ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمی ئێران یەک بگرێتەوە.
کاترین شێکدێم لە یەکەمین سەردانیدا بۆ ئیران چاوی بە خامنەیی دەکەوێ، لە دووهەمین سەردانیدا لەگەل ئیبراهیم ڕەئیسی لە ساڵی ٩٦ی هەتاوی بەشدار دەبی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا.
ناوبراو دەڵێ: بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەرپرسانی رێژیمی ئێران دەمزانی دەبێ لە قسەگەلێک کەڵک وەربگرم کە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران پێیان خۆشە لە زمانی کەسێکی بیانییەوە گوێبیستی بن.