رۆژی ١٩ی خاکەلێوە، لە کارەساتێکی دڵتەزێندا، بە داخەوە ٤ دڵسۆزی کوردو کوردپەروەر لە گوندی “هەرمێ” سەر بە شاری “گەڤەر”ی پارێزگای هەكاری لە باكووری كوردستان گیانیان لە دەست دا.
رووداوەکە بە هۆی رووخانی خانووبەرەوە بوو و بە داخەوە کادر و پێشمەرگەو فەرماندەی پێشووی حیزب و گەل کاک سەعید مەحموودنەژاد یەکێک لەو چوار کەسە بوو.
کاک سەعید مەحموودنەژاد لە دایکبووی ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە گوندی گێچەی ناوچەی سۆما بوو. ساڵی ١٣٥٨ پێوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە گرت. لە ٣ی خاکەلێوەی ١٣٦٢ی هەتاوی گوندەکەیان کەوتە بەر شاڵاوی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی. لە ئەنجامدا ١٢ کەس لە خەڵکی ئەو وگوندە کە بەشی زۆریان خزم و کەسوکاری کاک سەعید بوون و برایەکی کاک سەعیدیش لە ناویاندا دەبیندرا، کۆمەڵکوژ کران.
کاک سەعید مەحموود نەژاد بۆ ماوەی ١٥ ساڵ هەڵسووڕاوانە و ئازایە لە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەیدا بەشدار بوو. پلەکانی تەشکیلاتی و نیزامی یەک لە دوای یەک هەر لە سەرپەل، سەردەستە و فەرماندەیی لک دا بڕی. وەک فەرماندەیەکی ئازا و شارەزایەکی باش لە بە کار بردنی چەکە جۆراوجۆرەکان لە لای هاوڕێیانی دەرکەوت. خولەکانی سیاسی- نیزامی لە فێرگەکانی حیزب دا بە سەرکەوتنەوە تەواو کردبوو. دوا بەرپرسایەتیی ئەو لە ناو حیزبدا بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس بوو. ئەو بە کەسایەتێکی بەرز و خۆشناو لە نێو هێزی سەرگورد عەبباسی و پاشان هێزی ئاگریدا ناسرابوو. مرۆڤێکی ورەبەرز، بە بیروباوەڕ، نیشتمانپەوەر و رەوشت بەرز بوو.
کاک سەعید خاوەنی سێ جگەرگۆشەبوو، کە مخابن یەکێک لە کوڕەکانیشی بە ناوی “سیدار” هەر لەو رووداوەدا گیانی لەدەست دەدا.
سێهەم قوربانیی ئەو رووداوە دڵتەزێنە، دۆستی دێرینی دێمۆکڕاتەکان کاک ئەمیر یازگان ناسراو بە ئەمیرخانە. کاک ئەمیر کەسی ناسراوی هەکاری و ناوچەکانی تەرگەوەر و مەرگەوەرە و سۆمایە. دۆست و خزمی شەهیدی تێکۆشەر کاک عەلی کاشفپوور بوو. ئەو بنەماڵەیە بە ڕەچەڵەک خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و لە کۆنەوە بەرەو کوردساتی باکوور کۆچبەر بوون. حاجی محەممەد ئەمین باوکی کاک ئەمیرخان، یەکێک لە دۆستە نیزیکەکانی کۆماری کوردستان بوو.
قوربانیی چوارەم لەو رووداودا کاک “ئەسعەد” کوڕی “مەلا رەزا”یە کە ئەویش دۆست و هاوکاری حیزب و بە گشتی جووڵانەوەی کورد بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو بۆنەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵەو کەسوکاری قوربانیانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەکاو خۆی بە شەریکە خەمیان دەزانێ.