دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی نییەر، لە گرتنگەی سنە بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی مانیان لە خواردن گرت.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوای ناجێگیربوونی باری تەندروستی پەیام مینبەری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی نییەر، ناوبراو لەگەڵ شێرکۆ مینبەری بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نەگواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە، مانیان لە خواردن گرت.
پەیام مینبەری ماوەیەک پێش دەسبەسەرکرانی لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا سێ لە مۆرەکانی پشتی بە سەختی تووشی ئازار بووە و بەهۆی گوشار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتەوە سێ لە مۆرەکانی دیکەی بڕبڕەی پشتی ئازاریان پێ گەیشتووە و پێویستی بە پێڕاگەیشتنی خێرای دەرمانی و گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان لە دەرەوەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات هەیە کە تا ئێستا بەرپرسانی ئەم ناوەندە ئەو ئیزنیان نەداوە کە ناوبراو بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی بچێتە ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی ئەو گرتنگەیە و لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەکی پزیشکی بێبەش بووە و ئەو دوو کەسەش بە نیشانەی دەربڕینی نارەزایەتی مانیان لە خواردن گرتووە.
پەیام مینبەری ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی و لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەسبەسەر کرا و شێرکۆ مینبەری هەمان ڕۆژ دوای بانگکران بۆ ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییە دەسبەسەر کراوە.
شایانی باسە کە ئەم دوو هاووڵاتییە لەماوەی نزیک بە ٥٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.