ئەمریکا لەسەر دانوستانەکانی بەرجام کاتی بۆ ڕێژیمی ئێران دیاری کردووە و هەڵوێستی تارانیش لە کۆتاڕۆژەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی ڤیەن ناڕوونە.
ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لەسەر پێداچوونەوەی بابەتی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ بەرپرسی پلەبەرزی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا وتووێژی کرد و هەروەها “مەحموود نەبەویان” نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕەخنەی توندی لەو ڕێککەوتنە گرت و وتی: لرهەمبەر ڕێککەوتنی ناوکیی تاران دەبێ زۆر بە ئاگا بێ، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێککەوتنی ناوکییدا هیچکات بەپێی یاسای بەرجام پێبەندی هیچ بەڵێنێک نەبووە.
ئەمیرعەبدوڵاهیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر نووسیویەتی؛ ئێمە بە گرینگییەوە پێداچوونەوە بە بابەتی ڕێککەوتنی ناوکیی دەکەین و لەگەڵ بەرپرسی پلەبەرزی سیاسەتی یەکیەتیی ئورووپا وتووێژم کردووە و هەموو لایەک لە هەوڵداین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی باش؛ قسەکانی ئەمیرعەبدوڵاهیان لە کاتێکدایە کە ئەمریکا کۆتا دەرفەتی خستە بەردەم تاران و بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کاتی دیاری کرد.