وڵاتانی ڕۆژاوایی لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە وەک گەمارۆی نوێ بۆسەر ڕووسیە نەهێڵن بانکەکانی ئەو وڵاتە دەستیان بە سیستمی جیهانیی سویفت ڕابگا.
ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا، لەگەڵ ئەمریکا، بریتانیا و کانادا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە وەک بەشێکی دیکە لە گەمارۆکان بۆسەر ڕووسیە، ڕێککەوتوون کە نەهێڵن بانکەکانی ئەو وڵاتە دەستیان بە سیستمی جیهانیی “سویفت” ڕابگا و ئامانجی ئەو وڵاتانە ئەوەیە کە بە پوتین ڕابگەیەنن کە ئەو شەڕە شکستێکی ستراتێژیک دەبی بۆ دەوڵەتی ڕووسیە.
دێنیز شمیهال، سەرۆکوەزیری ئۆکراین، پاش ڕاگەیاندنی ئەو گەمارۆگەلە دژی ڕووسیە سپاسی وڵاتانی هاوپەیمان و ئەمریکای کرد و وتی سڕینەوەی بەشێک لە بانکەکانی ڕووسیە لە سیستمی سویفت دەبێتە هۆی ڕاوەستانی داراییەکانی بانکی ناوەندیی ڕووسیە و دەبێتە هۆی پچڕانی پێوەندیی ماڵیی ڕووسیە لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی و چالاکیی ماڵیی ئەو وڵاتە بەخێرایی دادەبەزێ.
ئەو وڵاتانە لەو بەیاننامەیەدا هەروەها ڕایانگەیاند کە ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئۆکراینین و ئامادەی هاوکاری لەگەڵ ئۆکراینین تا ڕووسیە لە بەرامبەر ئەو هێرشە بۆسەر ئۆکراین وڵامدەر بێ.
شایانی باسە کە سویفت یان “تۆڕی جیهانیی پێوەندیی ماڵیی نێوان بانکەکان” سیستمێکی ئەمن و باوەرپێکراوی جیهانییە کە ئاڵوگۆری خێرای دارایییەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی دەستەبەر دەکا و بۆ بازرگانیی جیهانی پێویستییەکی ئەمڕۆییە.