دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لەهەمبەر بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی تایبەت بە کوژران و بریندارکرانی کۆڵبەران و کاسبکاران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، هەرەشە لە بەڕێوەبەرانی پەیج و کاناڵە هەواڵییەکانی ئەو شارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە و ئیتلاعاتی سپا و چەند بنکەیەکی ڕێکخراوی دژەگەلیی بەسیج لەو شارە، لەهەمبەر بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی تایبەت بە کوژران و بریندارکرانی کۆڵبەران و کاسبکاران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچە سنوورییەکانی بانە لە پەیج و کاناڵە هەواڵییەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تێلێگرام و ئینستاگرام، بە بانگکردن یان لە ڕێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان لە بەڕێوەبەرانی ئەو پەیج و کاناڵانە کردووە.
جێی ئاماژەیە کە بەشێک لەو پەیج و کاناڵە هەواڵییانە کە هەڕەشەیان لێ کراوە بریتین لە: کاناڵی بانە ڕووداو، پەیجی پرسەکانی بانە و دەوروبەری، پەیجی بانە حادێسێ و کاناڵی پرسە و سەرەخۆشییەکانی بانە.