وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە ڕۆژی شەممە بڕیاری هێرشی سەربازیی بەربڵاوی بۆسەر خاکی ئۆکراین دەرکرد.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش ناردنی یارمەتییە سەربازییەکان لەلایەن وڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا و ئاڵمان بۆ ئۆکراین، بڕیاری هێرشی بەربڵاوی سەربازیی بۆ نێو خاکی ئۆکراین دەرکردووە و شەڕ لە ئۆکراین بە خێراییەکی زۆرەوە خەریکە دەبێ بە قەیرانێکی گشتیی کە بەرۆکی هەموو وڵاتانی ئورووپایی دەگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە شارەداری کیێڤ، ڕۆژی شەممە بەهۆی درێژەی شەڕ لە پیتەختی ئۆکراین و لە سێهەمین ڕۆژی بەردەوامی هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، هاتوچۆی لەو شارە سنووردار کردۆتەوە.
هاوکات لەگەڵ درێژەی شەڕ لە ئۆکراین، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەروەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە؛ ئەمریکا یارمەتییە سەربازییەکانی کە زیاتر لە ٣٥٠ میلیۆن دۆلار دەگرێتەوە بۆ بەرگریکردن لە هێرشی بێبەزەییانەی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، ڕەوانەی ئۆکراین کردووە.