سەرۆککۆماری هەرێمی خودموختاری” چێچێن” ڕایگەیاند کە؛ بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە بڕیارەکەی پوتین و پاڵپشتیکردن لە هێزی ڕووسیە، هێزەکانی خۆمانمان ڕەوانەی شەر لەگەڵ ئۆکراین کردووە.
ڕەمەزان قەدیرۆڤ، سەرۆککۆماری هەرێمی خودموختاری چێچێن، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تاکوو ئێستا هێزەکانیان هیچ خەسارێکی ماددی و گیانیان وەبەر نەکەوتووە، بۆ پاساوهێنانەوە لەهەمبەر بڕیاری ڕەوانەکردنی هێزی سەربازی بۆ پشتیوانیی مسکۆ وتی: پوتین سەرۆککۆماری ڕووسیە بە دەرکردنی بڕیارێکی قورس و ڕاگەیاندنی شەڕ بەدژی ئۆکراین، پێشی لە شەڕێکی گەورە بەدژی ڕووسیە گرتووە.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە لە سێهەمین ڕۆژی بەردەوامی هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، هێزەکانی ئێمە شانبەشانی هێزەکانی ڕووسیە بەدژی ئۆکراین شەڕیان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە، ڕووسیە ئۆکراینی بە خۆبواردن لە وتووێژ و وڵامنەدانەوەی مسکۆ تۆمەتبار کرد و پاشان وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە بڕیاری هێرشی بەربڵاوی سەربازیی هێزەکانی ڕووسیەی بۆ نێو خاکی ئۆکراین دەرکرد.
هاوکات ڕاوێژکاری دەفتەری سەرۆککۆماری ئۆکراین بە کاردانەوە لەهەمبەر بڕیارەکەی ڕووسیە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە؛ ئۆکراین پێشنیاری وتووێژی لەگەڵ ڕووسیە ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکوو ئەوە ڕووسیەیە کە بۆ وتووێژ پێشمەرجگەلێکی قورسی دیاری کردووە کە ئۆکراین بە هیچ جۆرێک ئەو پێشمەرجانە قەبووڵ ناکا.