“سەید مەحموود سەیدی”، دۆستی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی هەینی لەسەر شەممە، ٦ لەسەر ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕەوانشاد “سەید مەحموود سەیدی”، دۆستی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی شاری مەهاباد بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
“سەید مەحموود سەیدی” لە سەرەتای دەیەی ٣٠ی هەتاوییەوە، لە ڕێگای نەمر “جەلیل گادانی” و تێکۆشەری دێرین “سەدیق قەوی پەنجە”وە، پێوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە دەگرێ و وەک دۆستێکی وەفاداری حیزب، هەردەم یار، خەمخۆر و پشتیوانی زیندانیانی سیاسیی کورد لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی وەکوو نەمر “عەزیز یوسفی” و کاک “غەنی بلوریان” دەبێ و بەردەوام لە زیندان سەردانیان دەکا و لە پاڵپشتییان درێغی ناکات.
دوای سەرکەوتی شۆڕشی گەلانی ئێران، ماڵی ڕەوانشاد سەید مەحموود لە قۆناغە سەختەکانی خەباتی چەکداریدا، هەردەم وەک شوێنێکی ئەمن و بنکەیەک بۆ حەسانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و هەروەها بەهۆی پەروەردەی کوردانەی سەید مەحموود، کوڕەکانی تێکەڵ بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە دەبن و لەو چوارچێوەیەشدا دوکتور “هێمن سەیدی”، یەکێک لە کوڕەکانی ناوبراو بۆ ماوەی چەند ساڵ وەک پێشمەرگە و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات تێکۆشاوە و هەنووکەش وەک چالاکێکی سیاسی و دۆست و هاوکارێکی حیزبی دێموکرات لە سەنگەری خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەستیدا ماوەتەوە.
شایانی باسە کە باوکی “سەید مەحموود سەیدی”، نەمر “سەید محەممەد سەیدی” یەکێک لە ئەفسەرانی سەردەمی کۆماری کوردستان بوو کە دوای ڕووخانی کۆمار بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە تەورێز زیندانی کرا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، بەبۆنەی کۆچیدوایی ڕەوانشاد “سەید مەحموود سەیدی”، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شۆڕشگێڕ و سەربەرزی “سەیدی” و سەرجەم خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.