دایە سەیزادە فاتم فەیزی، دایکی شەهید ئەحمەد بەهرامی لە ئاوایی “قۆزڵوو”ـی سەربە ناوچەی هەوشار بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە سەیزادە فاتم دایکی “ئەحمەد بەهرامی” شەهیدی ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکرات و کەسێکی دڵسۆز و جێی متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو، بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە کۆچی دوایی کرد و لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی گەورەدێی “قۆزڵوو”ـی هەوشار بە خاکی پیرۆزی نیشمان ئەسپەردە کرا و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ئامانج و ئاواتەکانی کورە شەهیدەکەی کرد.
شەهید ئەحمەد بەهرامی کە سەرپەلی یەکێک لە پەلی پێشمەرگەکانی هێزی شەهیدانی هەوشار بوو، ڕێکەوتی 18ی بانەمەڕی 1364ی هەتاوی لە ناوچەی شلێر و لە شەڕێکی نەخوازراوی نێوخۆییدا گیانی بەختی گەل و نیشتمانەکەی کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە سەیزادە فاتم، وێرای خەم و پەژارەی خۆمان بەبۆنەی کۆچی دوایی ناوبراو سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و خەڵکی ئاوایی قۆزڵوو و سەرجەم ناوچەی هەوشار دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.