بەرپرسێکی پلەبەرزی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی ڕێککەوتنی بووژانەی بەرجام وتی: دانوستانەکان لە حەوتووەکانی کۆتایی بەروەوپێشچوونی بەرچاوی هەبووە بەڵام بابەتگەلێکی دژوار و قورس ماونەتەوە.
ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرپرسێکی پلەبەرزی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێ، بە پەیامنێرانی وت” هیوادارم کە عەلی باقری کەنی، دانوستانکاری سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژانی داهاتوودا بە تێڕوانینێکی ئەرێنییەوە بگەڕێتەوە بۆ وتووێژەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی لە ڤیەن بەڵام سەرەڕای ئەوەش بابەتگەلێکی دژوار و قورس لەسەر میزی وتووێژ هەیە.
ناوبراو هەروەها وتیشی: لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو هەبووە بەڵام لە ئێستادا گرینگە کە سەرنج بدەینە ئەوەیکە بابەتگەلێکی جیددی و گرینگتر ماونەتەوە و ئەگەر بتوانین بگەین بە ڕێککەوتنێکی باش وەکوو مەرجە سەرەتاییەکان لە بارەی پیتاندنی ئۆرانیۆنی و ژمارەی سانتریفیوژەکان کە لەوانەیە چالاک بکرێنەوە لێکۆڵینەوەی لێبکرێ، ئەوە دەتوانین بگەین بە ئاکامێکی باش.