ڕووسیە بڕیارنامەی شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کە داوای لە مسکۆ کردبوو هێرش بۆ سەر ئۆکراین ڕابوەستێنێ و هەموو هێزەکانی لەو وڵاتە بباتە دەرەوە ڤێتۆ کرد.
ئەندامانی شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە سێهەمین دانیشتنی بەپەلەی ئەو رێکخراوەدا بەدەرکردنی بڕیارنامەیەک هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراینی مەحکووم کرد بەڵام ڕووسیە بڕیارنامەکەی ڤێتۆ کردووە و هەروەها چین بێ لایەن بووە.
شکستی ئەو بڕیارنامەیە ڕێگە بۆ وڵاتانی پشتیوانی ئۆکراین خۆش دەکا کە داوای دەنگدانی خێرا لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن و لەو کۆڕەدا بە ١٩٣ دەنگ هیچ وڵاتیک مافی ڤێتۆ کردنی نییە.
هەرلەم پێوەندییەدا لیندا تۆماس گرینفیلد، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پاش ڤێتۆکردنی بڕیارنامەکە لەلایەن ڕووسیەوە وتی: سەرەڕای ئەوەی کە ئەندامێکی هەمیشەیی نابەرپرسی شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هێزەکەی بۆ ڕووخان و هێرش بۆ سەر وڵاتیکی دراوسێی خۆی و لە نێو بردنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کەڵک وەردەگرێ ئێمە هەموومان بە یەکگرتووەی پشتیوانیی لە ئۆکراین دەکەین.