دیمیتری پیسکۆف، وتەبێژی کۆشکی کرێملین دەڵێ: ڕووسیە بەپێی سیاسەتی وڵامدانەوەی هاوشێوە و بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە گەمارۆگەلێک بەدژی یەکیەتی ئورووپا دەسەپێنێ.
دیمیتری پیسکۆف، وتەبێژی کۆشکی کرێملین، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا بەدژی ڕووسیە وتی: گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا کێشەگەلێک بۆ ئابووریی ڕووسیە دروست دەکا بەڵام دەتوانین ئاسەوارەکانی ئەو گەماروگەلە کونتروڵ بکەین.
ناوبراو هەروەها وتی: بەهۆی ئەو گەمارۆگەلەوە هاوردەکردن لە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکاوە بۆ ڕووسیە تووشی کێشە دەبێ و بۆیە ڕووسیە بەپێی سیاسەتی وڵامدانەوەی هاوشێوە و بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە گەمارۆگەلێک بەسەر یەکیەتیی ئورووپادا دەسەپێنێ.
جێگەی ئاماژەیە کە؛ ئەمریکا، یەکیەتیی ئورووپا و بریتانیا، پاش هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین گەمارۆگەلێکی قورسیان خستووتە سەر ڕووسیە و ئابووری ئەو وڵاتەیان کردۆتە ئامانجی گەمارۆکانیان.