یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا گەمارۆگەلێکی نوێیان خستووەتە سەر سیستمی بانکیی ڕووسیە و هەروەها هەموو داراییەکانی سەرۆککۆماری ڕووسیە و وەزیری دەرەوەی ڕووسیە بلۆکە کراون و خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە دووهەمین ڕۆژی هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، گەمارۆگەلێکی نوێیان خستە سەر سیستمی بانکیی ڕووسیە و بەو کارە ئابووری ڕووسیەیان تووشی مەترسییەکی گەورە کردۆتەوە و هەروەها هەموو داراییەکانی ڤێلادێمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە و سێرگەی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیە بلۆکە کراوە.
ئەو گەمارۆیانە پاش قسەکانی جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا هاتوونەتە ئاراوە کە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئەمریکا سزاگەلێکی قورسی ئابووری بەسەر ڕووسیەدا دەسەپێنێ و بەپێی ئەو گەمارۆگەلە داراییەکانی ڕووسیە لە بانکەکان بەتایبەتی بانکی دەوڵەتی” وی تی بی” و هەروەها هەموو داراییەکانی ڕووسیە لە ئەمریکا بلۆکە دەکرێ و پاشان ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا بە پەسەندکردنی ئەو گەمارۆگەلە گوشارێکی قورسی ئابوورییان خستۆتە سەر ڕووسیە.