هەڵسوکەوت و ڕەفتاری هێزە داگیرکەرەکانی بەسیجی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، لە مۆڵگەی بەسیجی گەڕەکی شەریفاوای شاری تیکاب ناڕەزایەتی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەکرێگیراوەکانی بەسیجی ڕێژیم لە گەڕەکی “شەریفاوای” شاری تیکاب دەیانهەوێ بە پیلان مزگەوتی “شافێعی” ئەو گەڕەکە کە بنکەی بەرکرێگیراوانی بەسیجی لێیە، بە مەبەستی سیخوڕیکردن بەسەر خەڵک و کاری تێکدەرانە و بڵاو کردنەوەی فەساد بەکاری بێنن و ئەوەیش ناڕەزایەتی هاووڵاتیانی لێکەوتەوە و لە ئاکامی ناڕەزایەتییەکاندا گرژی و تێکهەڵچوون لە نێوان هاووڵاتیان و بەکرێگیراواندا ڕوویدا.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەک دانیشتووانی گەڕەکی شەریفاوا داوایان کردووە کە بەکرێگیراوانی بەسیجی ڕێژیم بە زووترین کات ئەو مزگەوتە چۆڵ بکەن و هەروەها دەشڵێن ئەو بنکەی بەسیجە لە مزگەوتی شافێعی کار و چالاکیان تەنیا بڵاوکردنەوەی بێ ڕەوشتی و کاری تێکدەرانەیە و هەر بۆیە خەڵکی ناوچەکە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و داوایان کردووە بە زووترین کات ئەو مزگەوتە چۆڵ بکەن.