لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل دوو جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر میلیشیاکانی سەربە تاران لە دەوروبەری دەمێشق.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “سانا” سەربە دەوڵەتی سووریە، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەرتەشی ئیسرائیل بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەو ناوچانەی لە دەوروبەری “دەمێشق”ـی پێتەختی سووریە کە مۆڵگەی میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێرانی لێیە بە چەند مووشەکێک بۆردومانی کردووە و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سووریەش هێرشی چەند مووشەکێکی پووچەڵ کردووەتەوە و لە ئاکامی ئەو هێرشەدا ٣میلیشیای سەربە تاران کوژراون.
هەروەها لەهەمانکاتدا، بێنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە بارەی دانوستانی زلهێزەکانی جیهان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕای خۆی دەربڕی و جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تەنیا ڕێگەیەک بۆ ئەوەی پێش بە دەستپێڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ناوکیی بگرێ گەمارۆی قورس و هێرشی سەربازییە، وتیشی؛ ئێمە کاتی خۆی وەکوو وڵاتی ئیسرائیل لەگەڵ رێژیمەکانی عێراق و سووریە ڕێککەوتنێکمان بە ناوی “ئێن پی تی” واژۆ کرد کە پێکەوە پێش بە دروستکردنی چەکی مەترسیداری ناوکیی بگرین و ڕێگە نەدەین ڕێژیمی ئێران بەهیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژی ڕابگا، بەڵام ئەو دوو ڕێژیمە پێبەندی ڕێککەوتنەکە نەبوون.