باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، رۆژی سێشەممە ٣ی رەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، خاڵە “محەممەد ئەمین باڵەکی” ناسراو بە “کاک مینە” خەڵکی گەرگوولی خوارێ و باوکی شەهیدی رێگای رزگاری کوردستان شەهید “جەماڵ باڵەکی” لە تەمەنی ١٠٧ ساڵی بە هۆی پیری ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک محەممەد ئەمین کەسێکی نیشتمانپەروەر، حیزب دۆست و خوشناوی گەرگوول و ناوچە بوو. هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کوڕێکی کاک مینە بە ناوێ جەماڵ باڵەکی لە ساڵی ١٣٦٣ هاتە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستان و چەکی پڕ لە شانازی پێشمەرگایەتی کردە شان و لە هێزی قەندیل سازمان درا.
شەهید جەماڵ لە ریکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ناوچەی مێرگە چەکۆی سەر بە پیرانشار شەهید بوو و چۆوە ڕیزی نەمرانی مێژووە.
کاک مینە تا دوا هەناسەی ژیانی وەفادار بە رێگا و رێبازی شەهیدان مایەوە و ئاواتی وەدیهاتنی رزگاری کوردستان بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە وخزم و کەسوکاری کاکە مینە و خەڵکی گەرگوولی خوارێ و شاری پیرانشار دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.