وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر تۆڕێکی نێونەتەوەیی کە لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی ماڵی لە حوسییەکانی یەمەن دەکا.
ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، “ئانتۆنی بلینکێن” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، گەمارۆی خستە سەر تۆڕێکی نێونەتەوەیی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کە پشتیوانیی ماڵی لە گرووپە میلیشیاکانی یەمەن دەکا و تا ئێستا بە دەیان میلیۆن دۆلار یارمەتیی حوسییەکانی داوە کە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەر وەها ڕایگەیاند کە سپای پاسدارانی بەدەیان میلیۆن دۆلار هاوکاری ماڵیی حوسیەکانی کردوە و حوسیەکانیش بەردەوامن لە سەر هێرشی مووشکیی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دژی وڵاتانی دراوسێی یەمەن.
لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە کە ئەو وڵاتە بەردەوامە لە هاوکاری کردنی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانان لە دژی ئەو کەسانەی کە درێژە بە شەڕ و ئاڵۆزی لە یەمەندا دەدەن.