کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی، نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک فەتاح باباخانی، کەسایەتیی خۆشناو و دڵسۆز و نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد و باوکی مامۆستا ناسر باباخانی، دۆستی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت و لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک فەتاح لەنێو هاوپیشە و هاوکارانیدا نموونەی مرۆڤيکی قسەزان و قسەخۆش، ئاکارپاک و بنەماڵەدۆست دەهاتە ئەژمار و خاوەن کەسایەتییەکی بەڕێز و باوەڕپێکراوی خەڵک و جێگەی حورمەتی شاری مەهاباد و ناوچە بوو. ناوبراو هەر لەسەردەمی ڕاپەڕینی ساڵانی ٤٦-٤٧ی هەتاوی و سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران پاڵپشت و لایەنگری بزووتنەوەی ڕەوای نەتەوەی کورد بووە. کاک فەتاح باباخانی جگە لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی، باوکێکی دڵسۆز و بنەماڵەدۆست و هاندەری منداڵەکانی بۆ بڕینی قۆناغەکانی خوێندنی باڵا بوو.
بەبۆنەی کۆچیدوایی کاک “فەتاح باباخانی”یەوە، ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی باباخانی و سەرجەم خزم و کەسوکار و خەڵکی شاری مەهاباد دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.