بەرپرسی شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەڵێ: بۆ دابینکردنی گەرەنتییەکی بەهێز لە نێوان وڵاتانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکان دەبێ هێزی ناوکیی ئێران وەکوو شمشێرێکی تیژ لە سەر سەری وڵاتانی پەیمانشکێن بێ.
عەلی شەمخانی، بەرپرسی شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بەئاماژە بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن نووسی: ئەو کاتەی کە لە ساڵی ٩٧ی هەتاویدا ئەمریکا ڕێککەوتنی ناوکیی بەجێهێشت دەبوو بەپێی بڕیاری ڕێبەری ئێران لە هێزی ناوکییەکەمان وەکوو گەرەنتییەکی بەهێز بۆ سەر دوژمنانمان کەڵکمان وەرگرتبایە.
شەمخانی بەئاماژە بە قسەکانی خامنەیی کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بە ڕەخنەگرتن لە وتووێژەکانی ڤییەن وتبووی: ئەو کێشانەی کە ئێستا ئێران تووشی بووە سەرچاوەکەی ئەوەیە کە لە کاتی خۆیدا بە قسەی منیان نەکردوە رایگەیاند کە؛ هێزی ناوکی ئێران دەبێ وەکوو شمشیرێکی تیژ لەسەر سەری ئەو وڵاتانە بێ کە دەیانهەوێت بەلێنەکانیان بشکێنن.
جێگەی ئاماژەیە کە؛ ئێران لە ئێستادا بە پێشێلکردنی بەڵێنە ناوکییەکانی پیتاندنی ئۆرانیۆم گەیاندۆتە زیاتر لە ڕێژەی لە سەتا ٦٠ کە ئەم ڕێژەیە تەنیا بەمەبەستی سەربازیی کەڵکی لێ وەردەگیردرێ.
پێویستە بگوترێ کە تیمی وتووێژی ڕێژیمی ئێران لە ڤییەن داوای هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران و گەرەنتییەکی بەهێز بۆ ئەوەی کە جارێکی دیکە ئەمریکا ڕێککەوتنەکە بەجێنەهێڵێی کردووە بەڵام ئەمریکا هەر دوو داواکارییەکەی ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردۆتەوە.