لایەنگر و دۆستێکی لەمێژینە و وەفاداری حیزبی دێموکرات لە ئاوایی کانییەڕەش سەر بە شاری بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ۱ی ڕەشەمەی ۱٤۰۰ی هەتاوی، دۆستێکی دێرینی حیزب و خەمخۆری هێزی پێشمەرگە بە ناوی خاتوو “ئەسمەر سۆفیحوسێنی” خەڵکی ئاوایی کانییەڕەش سەر بە شاری بۆکان، دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاتوو ئەسمەر لە دەورانی خەباتی چەکداری و کاتی خۆی کە پێشمەرگە ڕوویان لە ناوچە دەکرد، خزمەتێکی بەرچاوی پێکردوون و هەردەم خۆی بە ئەندامێکی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات دەزانی و ئاواتی ئەوە بوو خەونی لەمێژینەی گەلی کورد کە ئازادی و سەربەستیی وڵاتە بە چاوانی ببینێ کە بەداخەوە ئەجەل مەودای نەدا و لە تەمەنی ۵٨ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری خاتوو ئەسمەر سۆفیحوسێنی، و خەڵکی ئاوایی کانییەڕەش دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.