ئیسرائیل داوا لە ئەمریکا دەکا کە لە ئەگەری لابردنی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران، سپای پاسداران دەبێ لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا بمێنێتەوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز” ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسی ساڵانەی جوولەکەکانی ئەمریکا داوای لە جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا کرد کە دڵنیایان بکاتەوە کە دوای گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی ناسراو بە بەرجام، سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا دەهێلێتەوە.
ناوبراو وتی ئێمە لە سەرەتاوە لەگەڵ ڕێککەوتنی یەکەم لەگەل ڕێژیمی ئێران نەبووین و لەسەر ئەو باسە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا هەروا لە وتووێژداین و یەکێک لە داواکانی دەوڵەتی نەفتالی بێنێت سەرۆکوەزیری ئیسرائیل لە ئەمریکا ئەوەیە کە گەمارۆکانی سەر سپای پاسداران لانەبەن و پەیامی ئیسرائیل لەو بارەوە بۆ ئەمریکا ئەوەیە ” ئەوە تەواو هەڵەیە. ئەو کارە مەکەن.”
لاپید ئەوەشی زیاد کرد کە ئیسرائیل و ئەمریکا هەروا بەردەوامن لەسەر وتووێژ سەبارەت بە ڕێگاگەلی دیکە بۆ پێشگرتن بە پێشڕەوی بەرنامەی ناوکیی و پیتاندنی ئۆرانیۆم و هەروەها دەستپێڕاگەیشتنی ئەو ڕیژیمە بە چەکی ناوکیی.
جێی ئاماژەیە، هەڵوێستی کۆتاییی ئیسرائیل ئەوەیە کە خۆی بە پێبەندی هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک کە لەنێوان ئێران و وڵاتانی جیهان ڕوو بدا نازانێ و لە ئەگەری پێویستدا یەکلایەنە هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران.