مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئێران بۆ حەوتەمین جاری بەردەوام لەماوەی سێ مانگدا و بەهۆی جێبەجێنەکرانی خواست و ویستەکانیان و هەروەها گوشار بۆسەر مامۆستایانی ناڕازی، مانگرتنێکی گشتییان بەڕێوە برد.
مامۆستایانی ناڕازی، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەسەر بانگەوازی پێشووی شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر جێبەجێنەکرانی خواست و ویستەکانیان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە و هەروەها ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر گوشاری هێزەکانی ڕێژیم بۆسەر مامۆستایان و بە مەبەستی ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراو لە هەموو شارەکانی ئێراندا لەبەردەم بینای پەروەردە و بارهێنانی شارەکانیان مانگرتنی گشتییان بەڕێوە برد.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆگەلەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە، مامۆستایان بە دروشمی “مامۆستا هەڵاواردن قەبووڵ ناکا” و “دەبێ هەموو مامۆستایان و فەرهەنگییانی ئێران یەکگرتوو بن بۆ دەستەبەرکردنی خواست و ویستەکانیان”، ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕێژیم بوونەتەوە.