پاش ئەوەی کە مۆسکۆ نیازی خۆی بۆ ناردنی هێزی سەربازیی بۆ دوو ناوچەی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین ڕاگەیاند، سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پوتین هێرش بۆسەر ئۆکراینی دەست پێکردووە و ڕاستەوخۆ هێرشی کردۆتە سەر سەروەریی خاکی ئۆکراین.
جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەهەمبەر هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، ڕایگەیاند کە؛ گەمارۆمان خستووەتە سەر ٤ دامەزراوەی بانکیی ڕووسیە بە تایبەتی بانکی سەربازیی ڕووسیە و جەختی لەسەر ئەوەش کردوە کە مۆسکۆ هەموو هەوڵەکانی ئێمەی بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆکراین بێئاکام هێشتەوە.
جۆ بایدێن هەروەها لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر مۆسکۆ درێژە بە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراین بدا، ئەوە دەبێ باجێکی قورس بدا و ئەمریکا هەموو جۆرە بازرگانییەک لەگەڵ ڕووسیە قەدەغە دەکا.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ بەرگری لە ئۆکراین یەکگرتوو دەبن و دەبێ ڕووسیە بۆ سەرەڕۆییەکانی باجێکی قورس بدا.
لەلایەکی دیکەوە “لوید ئاستین” وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکراین، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا درێژە بە پشتیوانییەکانی لە ئۆکراین دەدا و هەموو هەوڵێکی خۆی دەدا کە پیش لە شەڕێکی ماڵوێرانکەر بگرێ.