وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەبارت بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: هەیئەتی دانوستانکاری ئێران لە ڤییەن تا ئێستا شتێکی نوێ و باوەڕپێکراوی لەهەمبەر بابەتی گەرەنتییەکان لەلایەن هەیئەتی ئەمریکاوە پێ نەگەیشتووە.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ “سیئێنئێن” سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە تا ئێستا لەهەمبەر گەرەنتییەکان لەلایەن ئەمریکاوە تیمی وتووێژەکەمان لە ڤییەن هیچ وڵامێکی وەرنەگرتووە، وتی: ئێمە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن نەرمی زۆرمان نواندوە و هەموو هەوڵێکی خۆمان داوە.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیم لە درێژەی وتووێژەکەدا وتی: ئەگەر وڵاتانی بەشدار لە وتووێژەکان نەرمی بنوێنن و بیانهەوێت بڕیارێکی دروست بدەن، ئەوە ڕێککەوتنی ناوکیی لەماوەی چەند کاتژمێر و ئەوپەڕی لەماوەی چەند ڕۆژدا دەگا بە ئاکامێکی دڵخوازی هەموو لایەک.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: مژار و بابەتە بەجێماوەکانی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا لەهەمبەر ئەگەری شکستی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: ئەگەر وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن شکست بێنێ، ئەوە دەبێ وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا بەرپرسایەتیی ئەو شکستە وەئەستۆ بگرن.
ئەمیرعەبدوڵاهیان بە هەستیار ناوبردنی بارودۆخی ئێستای وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: دیوارێکی بەرزی بێمتمانەیی لەنێوان ئێران و ئەمریکادا بوونی هەیە.