کۆمەڵێک لە دانێشتوانی ئاوایی “گاوەرە”ی سەر پارێزگای سنە لە هەڵمەتێکی ژینگە پاڕێزیدا، گوندەکەیانو دەرووبەریان لە زبڵو زاڵ خاوێن کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد لە چەند ڕۆژی رابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی ئاوایی “گاوەرە”ی ناوچەی کەڵاتەرزانی پارێزگای سنە لە هەڵمەتێکی ژینگە پارێزیدا زبڵو زاڵی نێو ئاواییو دەرووبەریان کۆ کردۆتەوەو دواتر زبلەکانیان بردەووەتە دەرەوەی گوندەکەو چاڵیان بۆ هەڵکەندووەو کردوویانە بە ژێر خۆڵەوە.
بە قسەی یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە لە نێو هەڵمەتەکەدا چەند کەس لە ڕێکخەرانی هەڵمەتەکە لەبارەی گرنگیی ژینگەپارێزیو چۆنیەتی کۆکردنەوەو لەنێوبردنی زبڵ و زاڵ بۆ بەشدارانی هەڵمەتەکە قسەیان کردوە.
جێ سەرنجە لەم هەڵمەتە ژینگە پارێزییەدا جگە لە لاوەکان، پیر پیاوان و منداڵانیش بەشداریان کردوە.
ئاوایی گاوەرە کە لە ناوچەی کەڵاتەزانی پارێزگای سنە هەڵکەوتووە، دەکەوێتە ٤۰ کیلۆمێتری باکووری شاری سنەوە.