١١ ڕێکخراو و حیزبی دژبەری ڕێژیمی ئێران لە نامەیەکدا داوایان لە وڵاتانی ئورووپایی کرد لەجێی وتووێژی ناوکیی، یارمەتیدەری جێگرەوەیەکی دێموکرات و سێکۆلار لەجێی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندابن.
ئەو ڕێکخراوانە لە نامەکەدا نووسیان: “کە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەداخەوە خەریکە لە ڕێککەوتنی پێشوو خراپتر دەبێ و ئەوەش بە قازانجی کۆماری ئیسلامییە؛ ڕێژیمێک کە دژی مافەکانی مرۆڤ، و دژی جیابیران و بۆ کوشتن و تێرۆرکردنی دژبەرانی تا ئەوپەڕی دنیاش دەڕوا، خەڵکی ئێرانیش وەک هەموو گەلانی ئازادیخواز کە دژی سەرکوتکردن دەوەستنەوە، پێویستییان بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی جیهانی هەیە.”
یازدە ڕێکخراوە و حیزبی دژبەری ڕێژیمی ئێران لەو نامەیەدا ڕوو بە بۆریس جانسۆن سەرۆکوەزیری بریتانیا، ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆککۆماری فەرانسە و ئۆلاف شۆلتز سەرۆکوەزیرانی ئاڵمان، داوایان لەو وڵاتانە کرد کە لەجێی وتووێژی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بۆ کۆتاییهێنان بە نیزامی کۆماری ئیسلامی و جێگەرەوەیەکی سێکۆلار و دێموکراتیک، یاریدەدەری خەڵکی ئێران بن و ئەگەر هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران کوشتارێکی دیکەی وەک خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی وەڕێ بخەن، ئەوە ئەرکیی وڵاتانی ئورووپاییە کە دژکردەوەیان هەبێ و هەنگاوی مرۆڤدۆستانە بنێن.”