یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک سمینارێکی پێک هێنا. لەو سمینارەدا کە ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕەشەمە لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو، ڕەسووڵ سوڵتانی، نووسەر و وەرگێر و شارەزا لە زمان باسێکی لەژێر ناوی “ڕەنگدانەوەی هزر لە زماندا” پێشکەش کرد.
کۆڕگێر لە سەرەتای باسەکەیدا لەسەر گرینگیی زمان بە گشتی دوا و لە پێوەندی لەگەڵ ڕەنگدانەوەی بابەتی هزر لە زماندا تیشکی خستە سەر ئەوە کە زمان هەم خوڵقێنەری گوتار و هەم خوڵقینەری هەڵوێستە، هاوکات بۆ نموونە هێنانەوە لەسەر کاریگەریی زمان لەسەر هزر باسی لە دەکارکردنی بیری ڕۆژئاوایی کرد و بۆ کاریگەریی هزر لەسەر زمان ئاماژەی بە سۆسیالیزمی دێموکراتیک لە نووسینی د. قاسملووی نەمر کرد.
زمان وەک سیستەمی گشتی و لاوەكی و هەروەها زمان وەک دەستنیشانكەری بەهاكان، دوو تەوەری سەرەکیی باسەکەی ڕەسووڵ سوڵتانی بوون و بەڕێزیان لە کۆتایی باسەکەیدا ئەو ئاکامگیرییەی کرد کە نەتەوە تەنیا لە دەفری زماندا دەمێنێتەوە و گەشە دەكا و پێ دەگا.
بەشی کۆتاییی سمینارەکەش بۆ ڕا و سەرنج و پرسیاری بەشداران تەرخان کرابوو.