ولادێمیر پوتین سەربەخۆییی دوو پارێزگای سەربەخۆییخوازی “دۆنێتسک و لۆگانسک” لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئۆکراینی بە فەرمی ناسی و لە هەمان کاتدا یەکیەتیی ئورووپا دەڵی: لەهەمبەر هەنگاوەکانی ڕووسیە وڵامی جیددیمان دەبێ.
ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڤلادێمیر پوتین سەرۆککۆماری ڕووسیە بە واژۆکردنی حوکمێک فەرمانی بە فەرمی ناساندنی سەربەخۆییی دوو پارێزگای جوداییخوازیی “دۆنێتسک و لۆگانسک”ـی لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ئۆکراین دەرکرد و ئەوەش کاردانەوەی یەکگرتووی وڵاتانی ئورووپای لێ کەوتەوە و ڕایگەیاند کە، لەسەر هەنگاوەکانی پوتین وڵامی جیددیمان دەبێ و نابێ ڕێگە بە سەرەڕۆییەکانی ڕووسیە بدرێ.
پوتین دوای ڕاگەیاندنی بە فەرمی ناسینی سەربەخۆییی ئەو دوو پارێزگایەی ئۆکراین، سەرۆککۆمارە دیاریکراوەکانی ئەو دوو ناوچەیەی بینیوە و ڕێککەوتنگەلێکی هاوکاری و دۆستایەتی لەگەڵ هەردوو لادا واژۆ کردووە.
لە یەکەم دژکردەوەکانی نێونەتەوەیی، “جۆ بایدێن” سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەفدی ڕاوێژکارانی ئاسایشی کۆشکی سپی، بابەتی بە فەرمی ناساندنی سەربەخۆیی ئەو دوو پارێزگایەی ئۆکراین لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی لە لایەن ڕووسیەوە خستە بەر باس و بڕیار وایە ئەمریکا لەسەر هەنگاوەکانی پوتین وڵامی هەبێ و لە هەمان کاتدا “بۆریس جانسۆن” سەرۆکوەزیرانی بریتانیا وتی: بە فەرمی ناسینی سەربەخۆییی ئەو دوو پارێزگایە لەلایەن ڕووسیەوە پێشێلکارییەکی ئاشکرایە بەدژی سەروەری وڵاتی ئۆکراین.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەى لوفیگارۆ بە بڵاوکردنەوەى گرتە ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند کە زرێپۆش و تانکە ڕووسییەکان پاش دەرچوونی فەرمانەکەى پوتین، چوونەتە نێو خاکى دۆنێتسکى ڕۆژهەڵاتى ئۆکراین.