فەیسەل بێن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە؛ وڵاتەکەی هیوادارە کە یەکیەتیی ئورووپا لە پێوەندی لەگەڵ سەقامگیری و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەور و ڕۆڵی خۆی لە وتووێژەکانی ڤییەن ببینێ.
فەیسەڵ بێن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، بە ئاماژە بە دەورونەخشی گرینگی یەکیەتیی ئورووپا لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا وتی: ئەوەی کە بۆ عەرەبستان گرینگە ئەوەیە کە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا ببێتە دەستپێکێک بۆ باس لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا و سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لەلایەکی دیکەوە نوێنەری سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە وتووێژیکی تایبەتدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە وتی: یەکیەتیی ئورووپا، ئاکامی وتووێژی زلهێزە جیهانییەکان لەگەڵ ئێراندا لە ڤییەن بۆ وڵاتی عەرەبستان بە ڕوونی باس دەکا و پاراستن و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ یەکیەتیی ئورووپا زۆر گرینگە و بە خیراترین کات نوێنەرێکی تایبەتی یەکیەتیی ئورووپا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکرێ.