چوار کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونە قوربانی.
ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەشەمەی سالی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەهۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان چوار کۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی زانیارییەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە سێ کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوون کە ناسنامەی ئەم کۆڵبەرانە تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ڕوون نەبووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی “ئەرکان مەحموودی” خەڵکی گوندی میرعەبدی سەر بە شاری باینگان لەکاتی چوون بۆ کۆڵبەری بەهۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە سنووری شوشمێ بە توندی بریندار بوو.
شایانی باسە کە ساڵانە بە دەیان کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە سنوورەکانی کوردستان گیانیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبن.