ڕۆژنامەی واڵ ئێستریت ژۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاند کە؛ لەنێوان هەیئەتی وتووێژەکاندا ئێستاش لەسەر چەندوچۆنی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان بەدژی ئێران، کێشەی بنەڕەتی لە ئارادایە.
ڕۆژنامەی واڵ ئێستریت ژۆرناڵ، ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە ئاماژە بەوەی کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەکرێ لەماوەی دوو ڕۆژدا جێبەجێ ببێ، لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێ: جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام و گەیشتن بە ڕێککەوتنی لەگەڵ رێژیمی ئێراندا لە سەرووی سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیدا داناوە و دەیهەوێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا سەقامگیری و ئاسایش بگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەمجۆرە دەیهەوێت زیاتر چاوەدێری چین و ڕووسیە بکا.
لە درێژەی ڕاپورتەکەدا هاتووە کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا، ئێران دەبێ پێبەند بێ بە بەڵێنە ناوکییەکانی و ئۆرانیۆم بە ڕێژەی ڕێگەپێدراو بەرهەم بهێنێ و لەلایەکی دیکەشەوە ئەمریکا گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لەسەر ئێران لادەبا.
ڕۆژنامەی واڵ ئێستریت ژۆرناڵ هەروەها ئەوەشی زیاد کردووە کە ڕێککەوتنی ناوکیی نوێ، دەبێ واژۆی ڕێبەرانی ئێران و ئەمریکا، سێ وڵاتی ئورووپایی و چین و ڕووسیەی لەسەر بێ و یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکانی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن لە ئێستادا هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی عەلی خەمنەیی و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە.
لەلایەکی دیکەوە جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی، سەرەڕای ئاماژە بە بەرەوپێشچوونی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، وتی: هیچ ڕێککەوتنێک ناکرێ مەگەر لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتن بکەین.