وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: سێ بەرنامە و باسی گرینگ لە وتووێژەکانی ڤییەن بەجێ ماوە کە لە قورسترین بەرنامەکانن.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژە بە قورس بوونی بەرنامە و باسە بەجێماوەکان لە وتووێژەکانی ڤییەن، وتی: ئەگەر لەهەمبەر سێ بەرنامەی بەجێماو بەڵێنی وڵاتانی دیکەی بەشدار ببینین، دەچینە قۆناغی کۆتایی وتووێژەکانەوە.
لەکاتێکدا کە تەنیا چەند ڕۆژ کات ماوە بۆ کۆتایی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، وڵاتانی ئورووپایی و ئێران یەکتر بە نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز و کەمکاری بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن تۆمەتبار دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەری” ئاکسیۆس” لە زاری نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێ: هەیئەتی دانوستانکاری ئێران لە ڤییەن، “لابردنی ناوی سپای پاسدارانیان لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا” وەکوو مەرجێک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و دووبارەکردنەوەی بەرجام داناوە.