بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی سمینارێک بۆ بەڕێز قادر وریا مامۆستای زانکۆ و زمانناس لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب بەڕێوە چوو.
ڕۆژی یەکشەممە ۱ی ڕەشەمەی ۱۴۰۰ی هەتاوی، کۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکی، سمینارێکی بۆ بەڕێز قادر وریا مامۆستای زانکۆ و زمانناس، لەژێر ناوی “سیاسەتی زمانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا” پێک هێنا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، دەستی پێ کرد.
پاشان بەڕێز قادر وریا باسێکی تێروتەسەلی لەسەر زمانی کوردی و سیاسەتی زمانی کوردی و ڕەنگدانەوەی گرنگیی زمانی کوردی لە بەرنامە و داخوازیی سیاسی لە حیزبی دێموکراتدا لە کۆمارەوە تا ئێستا کرد و لە سەرەتای باسەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕوانینی ئەو حیزبەدا، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکە لە نەتەوەی کورد، نەتەوەیەک کە سەرەڕای هەبوونی تایبەتمەندییەکانی نەتەوەیەک وەک خاکی هاوبەش، زمانی هاوبەش و، مێژووی هاوبەش، خاکەکەی بە سەر چوار دەوڵەت و وڵاتدا دابەش کراوە و، بۆخۆشی بندەستی دەوڵەت ــ نەتەوەکانی ئەو چوار وڵاتەیە.
بەڕێز قادر وریا لە باسی گرینگیدانی حیزبی دێموکرات بە مەسەلەی خوێندن لە ناوچە ئازادەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەی ٦٠دا، وتی: “حیزبی دیموکرات بۆ پێڕاگەیشتن بە پرسی خوێندن و پەروەردە و فێرکردن لە ناوچە ئازادەکان، سەرەتای ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی “کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی سەرانسەریی کوردستان”ی پێک هێنا و بە هەستی مەسئوولییەت بەرامبەر پاشەڕۆژی منداڵانی کوردستان بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان دەست بەکار بوو و سەدان قوتابخانەی بۆ ئەو مەبەستە کردەوە.
کاک قادر وریا بە جەختکردنەوە لەسەر بایەخ پێدانی بەردەوامی حیزبی دێموکرات بە پرسی زمان لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی ئەم حیزبەدا وتی: حیزبی دێموکرات بەو هۆیەوە کە زمانی کوردی بە یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی ناسنامەی نەتەوەیی ئەو نەتەوەیە دەزانێ، لە هەموو قۆناغەکانی تێکۆشانی خۆیدا گرنگیی بە زمانی کوردی داوە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: “سەرەڕای ئەوەیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەوڵی سڕینەوە و لاوازکردنی زمانی کوردییان لە ڕێگای بە ڕەسمی نەناسین و قەدەغەکردنی خوێندن بەو زمانە و هەروەها ناوبردنی زمانی کوردی وەک لەهجەیەک لە زمانی فارسی یا بە سووک چاولێکردن و سەیرکردنی وەک زمانێکی کەمپێز و دەستەوەستان لە گەیاندنی نیاز و پێداویستییە زانستییەکان، دیسانیش دڵسۆزان و خەمخۆرانی نەتەوەکەمان لە فێرکردن و زیندوو ڕاگرتنی ئەو زمانە درێغیان نەکردووە و وەک دەبینین کەسانی وەک زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی هەر لەپێناوی داکۆکیکردن لە زمانی کوردی خراوەتە بەندیخانەوە.
بەشی کۆتایی سمینارەکە بە پرسیار و وڵامی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.
نیگەرانیی بنەماڵەی زەینەب جەلالیان لە ناڕوونیی چارەنووسی کچەکەیان
دایکی “زەینەب جەلالیان” بەندکراوی سیاسیی کورد ڕایگەیاندووە کە هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی کچەکەی نییە و ئیزن نادرێ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ناوبراو بکەن.
دایکی “زەینەب جەلالیان” بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە، لە پەیامێکدا ڕوو بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێ: “١٥ ساڵە کچەکەم نەدیتووە و چاوم پێی نەکەوتووە وهیچ زانییارییەکمان لەسەر دۆخی زەینەب نییە.”
بەرپرسانی بەندیخانە ڕێگری لە بنەماڵە و پارێزەرەکەی زەینەب دەکەن کە سەردانی بکەن و دایکی زێنەب جەلالیان داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکا کە بە هانای کچەکەیەوە بێن.
زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەسبەسەر و مانگی سەرماوەزی ١٣٨٧ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە کرماشان بە سەرۆکایەتی قازی بەکرێگیراو “مورادی” بە تۆمەتی بەزاندنی نایاساییی سنوورەکانی ئێران حوکمی ساڵێک بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی دژایەتیی خودا “موحارێبە” لە ڕێگای ئەندامەتیی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم، حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و پاشان لە ساڵی ٩٠ی هەتاوی بۆ زیندانی هەتایی کەم کرایەوە.