فڕۆکەیەیکی شەڕکەری “F5″ی ڕێژیمی ئێران لە شاری تەورێز و لە کاتی مانۆڕی سەربازیدا کەوتە خوارەوە و زیانێکی زۆریشی بە خەڵکی مەدەنی گەیاندووە.
سەرلەبانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، فڕۆکەیەکی شەڕکەری ڕێژیمی ئێران لە جۆری “F5″، لە کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕێکی سەربازیی هێزە ئاسمانییەکانی ئەرتەشی ڕێژیم لە بنکەی ئاسمانیی ئەو هێزانە لە تەورێز، کەوتووەتە خوارەوە و تاکوو ئێستا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ڕانەگەیەندراوە.
لە کەوتنەخوارەوەی ئەم فڕۆکەیەی ڕێژیمدا سێ کەس لە هێزەکانی ئەرتەش کوژرون کە دوو کەسیان فڕۆکەوان و کەسێکیشیان لێخوڕی ماشینێکی سەربازیی ڕێژیم بووە، فڕۆکەکە لە کاتی کەوتنەخوارەوەیدا کەوتووەتە سەر قوتابخانەیەک و تێکی ڕووخاندووە، بەڵام قوتابخانەکە داخراو بووە و هیچ زیانێکی گیانی لە قوتابخانەکە لێ نەکەوتووە.
شایانی باسە کە بنکەی شکاریی تەورێز، دووهەمین بنکەی شکاریی هێزەکانی ئەرتەشە و بە هۆکاری گەمارۆکانی سەر ڕێژیم هیچ کەرەستەیەکی سەربازیی پێشکەوتووی نییە و سەرجەم کەرەستەکانی کۆنن و هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیەش بۆ کۆنبوون و لەکارکەوتوویی فڕۆکەکە دەگەڕێتەوە.