لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتیییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وگەندەڵی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ١١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتیییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ئاخوندی لە شارەکانی ئێران ١١ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی وەکوو کۆبوونەوەی زیانلێکەوتوانی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لەبەردەم بینای دیوانی عیدالەتی ئیداری لە تاران، کرێکارانی مێترۆی تاران لەبەردەم بینای ئیداریی کۆمپانیای مێترۆ لە تاران، خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی بۆجنوورد، ڕەشت و ئەراک لەبەردەم بینای ئیدارەی گشتی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی پارێزگاکانیان و لە تەورێز لەبەردەم بینای ئۆستانداری بەڕێوە چوو.
هەروەها کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە کرێکارانی کانگای بەردەی ئەلبۆرز بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام لەبەردەم کارگەی کانگاکە، خانەنشینکراوانی سەندووقی خانەنشینی پۆڵای پارێزگای ئیسفەهان لەبەردەم بینای ئیداریی ئەو سەندووقە لە ئیسفەهان، کڕیکارانی شارەوانیی کەرەج لەبەردەم بینای شۆرای شاری کەرەج و کۆمەڵێک لە مامۆستایانی نێردراو بۆ وڵاتانی دەرەوە لەبەردەم بینای ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە لە تاران بەڕێوە چوو.