سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بە ئەگەری واژۆکردنی ڕێکەوتنی بووژانەوەی بەرجام کرد و وتی: لە ئەگەری بووژانەوەی بەرجام، ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو دەکا چوونکە ئەو ڕێککەوتنە لاوازتر و کورتماوەتر دەبێ.
ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ئ هەتاوی، نەفتالی بێنێت، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو وڵاتە ئاماژەی بەوە کرد کە، بەشێک لە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، کە لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی بۆ ماوەی ١٠ساڵ دانراوە و بڕیار وابوو کە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینی کۆتایی پێ بێ، بەڵام ئێستا خەریکە ڕێککەوتنێکی نوێ دەست پێ دەکاتەوە و ئیسرائیل خۆی بۆ ڕێککەوتنێکی کەمماوەتر و لاوازتر ئامادە دەکا، لەبەر ئەوەی ڕێژیمی ئێران تەنیا دەیهەوێ کات بەفیڕۆ بدا بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە، ڕێژیمی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا هەنگاوی زۆر گەورەی بۆ دروستکردنی چەکی ناوکیی ناوە و بە تەواوی یاساکانی رێککەوتنی بەرجامی پێشێل کردووە و پێبەندی هیچ ڕێککەوتنێک نابووە؛ بەڵام ڕیژیمی ئێران دەبێ لە ڕێککەوتنی نوێی بەرجامدا کۆتایی بە هەموو پێشیلکارییەکانی بهێنێ و وڵاتانی ئەندام لە بەرجامیش نابێ ڕێگە بدەن کە تاران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا چون دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ ناوچەکە و جیهانیش.