هەواڵدەریی “سیبیئێس” لە زاری سەرچاوەیەکی زانیارییەکانی ئەمریکاوە ڕایگەیاند کە؛ هێزە سەربازییەکانی ڕووسیە لەسەر سنوورەکانی ئۆکراین بڕیاری هێرش بۆسەر ئۆکراینیان وەرگرتووە.
هەواڵدەریی”سیبیئیس” ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زاری بەرپرسێکی دەزگای زانیارییەکانی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە کە لە سەتا ٧٥ی هێزەکانی ڕووسیە لەسەر سنوورەکانی ئۆکراین ئامادەن کە هێرشی سەربازیی بکەنە سەر ئۆکراین.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیە، ڕۆژی یەکشەممە لە ئاگادارکردنەوەیەکەدا بە وتنی ئەوەی کە هێزەکانی ئۆکراین لە نزیک سنوورە هاوبەشەکانی ڕووسیە و ئۆکراین جێگیر بوونە، هەموو گەشتێکی ئاسمانیی فرۆکەکانی لە ئاسمانی دەریای “ئازۆف” قەدەغە کردووە.
هاوکات سەرۆککۆماری ئۆکراین، ولادێمیر زێلێنسکی، داوای ڕاوەستانی شەڕ لەنێوان جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین لەگەڵ ئەرتەشی ئۆکراین دەکا.
ناوبراو لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بە ئاماژە بە کێشەکانی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین نووسی: ئێمە پشتیوانی لە دەستپێکردنی وتووێژی ئاشتییانە لەنێوان ئۆکراین، ڕووسیە و ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئورووپا دەکەین و نامانهەوێت لەگەڵ ڕووسیە تووشی شەڕ ببین.