٢٥٠ کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن: وڵاتانی ئورووپایی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بە تایبەتی ئەمریکا دەبێ گەرەنتی ئەوە بکەن کە جارێکی دیکە لە ڕێککەوتنی ناوکیی نەچنە دەرەوە.
٢٥٠ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی کردووە کە؛ بەبێ وەرگرتنی گەرەنتی لە ئەمریکا بۆ ئەوەی کە دووبارە لەو ڕێککەوتنە نەچێتە دەرەوە و هەروەها وەرگرتنی گەرەنتی لە ئەندامانی ڕێککەوتنی بەرجام بۆ کەڵکوەرنەگرتن لە میکانیزمی “پەلاپیتکە”، نەچێتە ژێر باری هیچ ڕێککەوتنێکەوە.
بەپێی بەیاننامەکەی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، وڵاتانی ئورووپایی دەبێ بەڵێن و گەرەنتی بدەن کە هەموو گەمارۆ ناوکییەکان و گەمارۆکانی پێوەندیدار بە تێرۆریزم، بەرنامەی مووشەکیی و مافە مرۆیییەکان بەدژی ئێران هەڵبووەشێننەوە.
هەروەها نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم داوایان لە ئیبراهیم ڕەئیسی کردووە کە بەرنامەی مووشەکیی ئێران هێڵی سوورە و نابێ هیچ ڕێککەوتنێکی لەسەر بکرێ.