وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بە ئاماژە بە داواکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران وتی: هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە پێشمەرجی ئێمەیە بۆ وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “تەسنیم” سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە کە؛ ئەگەر ئەمریکا هێندێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبووەشێنێتەوە یان هێندێک لە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد بکا، دەگاتە قۆناغێک کە دەتوانێ لەگەڵ ئێران ڕاستەوخۆ وتووێژ بکا.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران پێشترش داوای لە ئەمریکا کردبوو کە؛ ١٠ میلیارد دۆلار لە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد بکا.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایی لەو بارەوە بە ماڵپەڕی “ئاکسیۆس”ی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا داوای ئێرانی بۆ ئازادکردنی ١٠ میلیارد دۆلار پارەی بلۆکەکراوی ئێران لەژێر ناوی نیازپاکیی ئەمریکا بۆ وتووێژەکان ڕەت کردۆتەوە.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا بە ئاماژە بە گەمارۆکانی ئەم دواییانەی ئەمریکا بەدژی کۆماری ئیسلامی وتی: دەوڵەتی بایدێن درێژەدەری هەمان سیاسەتی دەوڵەتی “دۆناڵد ترامپ”ـە.