ڕۆژی ٢٦ ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بەشداریی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و لایەنگرانی هونەر و موسیقا و دەنگی مامۆستا محەممەد ماملێ و نووسەران و میدیاکاران و ڕۆژنامەوانان و بنەماڵە و خزمان و خۆشەویستانی خاتوو ئامینە مەولوودیان ناسراو بە (ئامە) لەسەر مەزاری ئامینەی ماملێ لە شاری مەهاباد یادی ئەو ژنە هونەرمەندە و نیشتیمانپەروەرە پیرۆز ڕاگیرا.
لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە لەلایەن پێشکەشکاری بەرنامە “شۆڕش ئەبووبەکری” بەخێرهاتنی میوانان کرا و پاشان پەیامی هونەرمەند “حوسێن ڕەهبەر” ژەنیار و یاری مامۆستا ماملێ بڵاو کرایەوە و پاشان هونەرمەندان “یونس بوڕاقی” و “ساسان سەمەدی” کارێکیان بە ناوی “ئامینێ” پێشکەش کرد.
لە درێژەی بەرنامەکە مامۆستا “عەزیز وەلیانی” وتارێکی لەسەر ژیانی خاتوو ئامینە مەولوودیان خوێندەوە کە بە هاوکاری کاک “سولەیمان خودایار” کوڕی خاتوو ئامینە ئامادە کرابوو.
دواتر هونەرمەندان “خالید نادرپوور”، “لوقمان عادڵ پوور” و “کامران ئاهمەند” چەند مەقام و گۆرانیان پێشکەشی میوانان کرد و لە دواییدا پەیامی هونەرمەند “چالاک ماملێ”، کوڕی خاتوو ئامینە بڵاو کرایەوە و بە فاتیحە و گوڵبارانی مەزاری ئامەخان کۆتایی بە بەرنامەکە هات .
جێی ئاماژەیە کە ئەو ڕێوڕەسمە بەبۆنەی ساڵیادی کۆچیدوایی ئامەخان هاوسەری مامۆستا موحەممەد ماملێ لەلایەن بەڕیزان “سولەیمان خودایار” و “چالاک ماملێ” ئامادە کرابوو و سپاسی زەحمەتەکانی هونەرمەند کاک “موحسێن گوڵپەرەست” و هەروەها خاوەنی پەیجی شاری دڵ کاک “کەماڵ گەڕیدە” کرا.