سەلاح پزیشکی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بانەیی بە بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا.
ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ هەتاوی، “سەلاح پزیشکی” یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ڕەشبگیرەکەی شاری بانە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی، تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاکەی لە زیندانی سنە ئازاد کرا.
سەلاح پزیشکی ٢٠ی ڕێبەندانی١٤٠٠ی هەتاوی، لە شاری بانە لە گەڵ ٨ کەسی دیکەی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری بانە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەر کرا و دوای کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرابۆوە.
جێی ئاماژەیە کە لەماوەی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتی لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بە تۆمەتی جۆراجۆر دەسبەسەر کراون و ڕەوانەی گرتووخانەکانی ئەو ڕێژیمە کراون.