عەلی شەمخانی، بەرپرسی شۆرای باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ڕێژیمی ئێران، لەسەر گیرانی پاپۆڕی کوڕەکانی لە کەناراوەکانی “کاندلا”ی هیندوستان، کاردانەوەی نیشان دا.
بەپێی هەواڵی هەوڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە، ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، عەلی شەمخانی، بەرپرسی شۆرای باڵای ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامی، لەسەر دەسبەسەرداگرتنی پاپۆڕێک کە خاوەنەکەی حەسەن و حوسێن شەمخانی، دوو کوڕەکەی ناوبراون، کاردانەوەی نیشان دا و ئەو بەرپرس و میدیایانەی ڕێژیمی کە گیرانی ئەو پاپۆڕەیان ئاشکرا کردووە، بە “نفووزی” و کەسانی گرێدراوی دوژمن لەقەڵم داوە.
لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی “ئیلنا”ی سەر بە ڕێژیم، کۆمەڵیک بەڵگەی لەسەر گیرانی ئەو پاپۆرەی کوڕەکانی شەمخانی بڵاو کردبووە و لە ڕاپۆرتەکەی ئیلنادا هاتووە: یەکێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوی کەناراوەکان و دەریاوانیی ڕێژیم کە ناوەکەی بڵاو نەکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە؛ بە هۆکاری ئەوەی ئەو پاپۆڕە ئالای ئێرانی لەسەر نەبووە، ئێران ناتوانێت هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە بکات و هیچ هەوڵێکی پێ نادرێت.