نەبوونی ئاوی خواردنەوە کێشەی جیددیی بۆ زیاتر لە ٥٢٠ گوندی پارێزگای ورمێی کوردستان درووست کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی نادەن.
وێڕای ئەوی کە کوردستان بە یەکێک لە سەرچاوە گرینگەکانی ئاوی خواردنەوە لە ڕۆژهەلاتی ناڤین و جیهانیش ئەژمار دەکرێت، بەڵام ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی بە گواستنەوەی ئاوی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ ناوچەکانی ناوەندی ئێران و شارە فارسنشینەکان، لە کوردستان کێشەی جیددیی کەمئاوی و بەتایبەت نەبوونی ئاوی خواردنەوە لە گوند و تەنانەت بەشێک لە شارەکان دروست کردووە.
لەم پێوەندییەدا، بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، زیاتر لە ٥٢٠ گوند لە ناوچەکانی پارێزگای ورمێی کوردستان کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و بەشێک لە گوندەکان بە شێوازی کۆن و لە ڕێگەی چوارپێ، هەروەها بەشێکشیان بە تانکەر ئاوی خواردنەوەیان دابین دەکەن.
سەرەڕای ئەوەی کە لەماوەی ٢ ساڵی رابردوودا، خەڵک زۆر جار ئەو کێشەیان بە بەرپرسان و ناوەند و دامودەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ ڕاگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا بە شێوەی زارەکی ڕاگەیاندووە کە هەوڵ دەدەین کێشەکانتان چارەسەر بکەین.
شایانی باسە کە پارێزگای ورمێ زیاتر لە ٢٩٠٠ گوندی هەیە کە زیاتر ٥٢٠ گوند ئاوی خواردنەوەیان نییە و بەشێک لە گوندەکانیش خۆیان کێشەی ئاوی خواردنەوەیان چارەسەر کردووە.