بیژەن نامدار زەنگەنە باسی لە ئەگەری سەفەری وەزیری هیند بۆ ئێرانو دەست پێكرانەوەی دانووستان لەسەر لێدانی هێڵی لوولەی گازی ئاشتی كردوە.
ئەم وتووێژانە٥ ماوەی ساڵ بوو لە نێوان ئێران، هیندو پاكستان ڕاگیرابوون.
وەزیری نەوتی هیند كە بڕیارە سەردانی ئێران بكا، چاوی بە بیژەن نامدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی كۆماری ئیسلامی دەكەوێ. لەم دیدارەدا بە ئەگەری زۆر باس لە لێدانی لوولی گازی ئاشتی لە نێوان ٣ وڵاتی ئێران، هیند و پاكستان دەكرێ.
“هێڵی لوولەی ئاشتی” گرێبەستێكی ٢٥ ساڵەیە كە بە مەبەستی فرۆشتنی گازی ئێران بە هیندو پاكستان ئیمزا كراوە، لە ساڵی ٢٠٠٢ ئەم پرۆژەیە دەستی پێ كردوەو بڕیار بووە لە ساڵی ٢٠١٤ بە ئەنجام بگا، بەڵام لە ساڵی٢٠١١ بەهۆی چڕبوونەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان بەدژی ئێران، هیند پاشەكشەی لەم گرێبەستە كرد.
هۆكاری ناودێركرانی ئەم پرۆژەیە بە هێڵی لوولەی ئاشتی ئەوە بووە كە لە ئەگەری جێبەجێ كرانیدا، ئەم پرۆژەیە ببێتە ڕێگەیەك بۆ جێگیر كرانی ئاشتیی نێوان دوو وڵاتی هیندو پاكستان كە دوژمنایەتییەكی مێژووییان لەگەڵ یەكتر هەیە.
زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوایی وەك ئامریكا پشتیوانییان لەم پرۆژەیە كردبوو، بەڵام بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان بەدژی ئێران، بە كردەوە ئەم پرۆژەیە ڕاگیرا.
وڵاتی پاكستان ئەم گرێبەستەی لەگەڵ ئێران هەڵنەوەشاندۆتەوە، بەڵام تا ئێستاش هیچ هەوڵێكی بۆ نەداوەو دەستیان بە لوولەكێشی نەكردوە،و هۆكارەكەشی بۆ نەبوونی بوودجە گەڕاندۆتەوەو بۆ لێدانی ئەم هێڵە داوای وامێكی ٥٠٠ میلیۆن دۆلاری لە ئێران كردوە.