ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی بە هاوبەشی ڕووبەڕووی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ببنەوە، پلانێکیان داڕشتووە و هەوڵ دەدەن ئاسایشی ناوچەکە بە هاوبەشی بپارێزن.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، خەریکی داڕشتنی پەیماننامەیەکی بەرگریی هاوبەشن بۆ پاراستنی ناوچەکە لە هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و هەوڵ دەدەن ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە ببەنە کە بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەکرێنە سەر ناوچەکە و ئاسایش و سەقامگیریی ئەو ناوچەیە تێک دەدەن و بڕیاریان داوە کە بە هاوبەشی لەسەر مەترسیی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی میلیشیاکان لە ئاسمانی ناوچەکادا زانیاری دروست بە یەکتر بدەن.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕێژیمی ئێران و هێزە تێرۆریستییەکان هەڕەشەیەکی جیددین بەدژی وڵاتانی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵتی ئیسرائیل؛ بۆیە پێویستە وڵاتانی عەرەبی و هاوپەیمانان لەسەر هەڕەشە و مەترسیی هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە تاران زانیاریی ورد بە یەکتر بدرێ و دەبێ پێکەوە ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببنەوە.