وەزیری دەرەوەی عەرەبستان وتی: بۆ دەوری پێنجەمی دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بەرنامەی تایبەتمان داڕشتووە لەسەر ئەوەی کە دەبێ تاران لە وتووێژەکاندا ڕاست بێ و ئاڵوگۆڕ بە هەڵسوکەوتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بکا.
ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، فەیسەڵ بێن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی وتی لە چوارچێوەی بەرنامە و گەڵاڵەی خۆمان حازرین بۆ دەوری پێنجەم لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دانوستان بکەین و تارانیش دەبێ پێبەندی هەموو یاساکانی دانوستان و ڕێککەوتنەکان بێ، لە هەمان کاتیشدا دەبێ واز لە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بهێنێ و ئاڵوگۆڕێکی جیددی بەسەر هەڵسوکەوتی خۆی بهێنێ و هەروەها پێویستە دانوستانەکان ئاکامی باشیان هەبێ و نابێ ڕێژیمی ئێران تەنیا لە بیری بەرژەوەندی خۆیدا بێ.
پێوەندیی نێوان ڕێژیمی ئێران و عەرەبستانی سعوودی، ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی پچڕا، بەڵام لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ هەوڵی زلهێزەکانی جیهانی بۆ بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ تاران، وتوێژگەلێکیان بە ناوەندگیریی وڵاتی عێراق دەست پێ کردەوە و هەروەها وەزیری دەرەوەی عەرەبستان وتیشی؛ ئەگەر ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ تاران سەرلەنوێ دەست پێ بکاتەوە، دەبێ بیکەینە خاڵێکی دەستپێک و هەوڵ بدەین نیگەرانییەکانی ناوچەکە کەمتر بکەینەوە و ڕێگە نەدەین کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە سەقامگیریی ناوچەکە تێک بدا.