سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە وتوێژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری فەرانسە وتی: گوشارە سیاسییەکان بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی گشتی و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران درێژەی هەیە و ئەم گوشارانە گەیشتن بە ڕێککەوتن لاواز دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی دەوڵەتی ئێران، ئاخوند ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتویژێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە سەبارەت بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: لە ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێونەتەوەییی وزەدا دەردەکەوێ کە بەرهەمهێنان و پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئێران تەنیا بۆ ئاشتی و سەقامگیرییە سەلمێنەری ئەوەیە کە وڵاتانی ئورووپایی و بەتایبەتی ئەمریکا دەیهەوێت بەوشێوەیە ئاگری دووبەرەکی لەنێوان ئێران و وڵاتانی دیکەدا ساز بکا و پێویستیی ئێستا لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکان و گەرەنتی وڵاتانی ئورووپایی بەتایبەتی ئەمریکایە بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی.
لەلایەکی دیکەوە حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەروەی رێژیمی ئێران لە پەراوێزی دووهەمین ڕۆژی کۆنفرانسی ئەمنییەتیی مونیخدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە: ئەوەی کە پێویست بوو ئێمە لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بیکەین کردوومانە و ئیستاش دەبێ وڵاتانی فەرانسە و بریتانیا بەتایبەتی ئەمریکا نیازپاکیی خۆیان سەبارەت بە دووبارەکردنەوەی رێککەوتنی ناوکیی نیشان بدەن.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێستا سەرەکییترین کێشەی ئێمە لە وتووێژەکانی ڤییەن گەرەنتی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکایە بۆ دووبارە کردنەوەی ئەو رێککەوتنە و ئەگەر ئەوە نەبێ، وڵاتانی ئورووپایی دەبێ بەرپرسایەتیی شکستی وتووێژەکانی ڤییەن لەئەستۆ بگرن.