نوێنەری تایبەتی ڕووسیە لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن ڕایگەیاند کە؛ بە خێراترین کات جیهان لەسەر ئاکامی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، هەواڵی دڵخۆشکەر دەبیسێ.
میخائیل ئۆلیانۆف، بەرپرسی تیمی وتووێژی ڕووسیە لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، سەبارەت بە ئاکامی وتووێژە ناوکییەکان نووسی: بەرپرسانی تیمی وتووێژی سێ وڵاتی ئورووپایی بۆ چەند ڕۆژ ڤییەنیان بەجێهێشتووە، بەڵام تیمی وتووێژی وڵاتانی دیکە لە پێتەختی ئۆتریش ماونەتەوە و وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن خەریکە نزیک دەبێتەوە لە کۆتایییەکی دڵخۆشکەر و جیهان بەم زووانە گوێبیستی هەواڵێکی خۆش سەبارەت بە وتووێژەکانی ڤییەن دەبێ.
هەر لەم پێوەندییەدا جێن ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە؛ لە ڕەوتی وتووێژە ناڕاستەوخۆکانمان لەگەڵ ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لە حەوتووی ڕابردوودا، پێشکەوتنگەلێکی گرینگمان بەدەست هێناوە.
ناوبراو لەدرێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر ئێران ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێزی هەبێ، لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەین بە ڕێککەوتن.